هەگبەی بیروڕا
هەگبەی بیروڕا
هەمیشە بیروڕای هاوڕێیان سەرمەشقی ژیانم بووە. بیروڕاتان لە سەر چاوم.
هەگبەی بیروڕا
هەمیشە بیروڕای هاوڕێیان سەرمەشقی ژیانم بووە. بیروڕاتان لە سەر چاوم.
گوڵێک بووی دەس چینی خۆم،بۆ دڵ پەروەردەم کردی
لە کاتی بێ وازیدا ، دڵ هانای بۆ دەبردی
بزەی سەر لێوی چرۆت،لەشی خۆشڕەنگی خۆش بۆت
سەرنجیان ڕاکێشا بووم، ئەمانە گشت بۆ لای خۆت
من بە تۆم بەخشی ئەی گوڵ،هەموو خۆشەویستی دڵ
ئەتۆش پەیمانت پێدام ، بژی بۆ من یا بۆ گڵ
تۆ بووی گووڵی ئاواتم ، لە ناو باخچەی ژیانا
بە خوێنی دڵ ئاوم دای ، باخچەی گووڵم وەلانا
بەڵام ئێستا کە پەلکت لە جەنگەی با سەفایین
گوڵم ئاڵقەی سەر پەنجەت،نیشانەی بێ وەفایین
5 خەرمانانی 1372
ئەو برینانەم کە دایمە خوێن و برک و ژان دەکەن
هەر لە دەستی گەرمی تۆیە ئارەزووی دەرمان دەکەن
کسپە کسپی ئەم برینەم بۆتە خۆرە بۆ دڵم
ڕۆژێ دادێ جەستەشم ئاو دیوی قەبرستان دەکەن
هەر بە یادی کۆرپەیی پێم خۆشە لانکەی باوەشت
گەرچی گەورەم هەر دڵم ئاواتی منداڵان دەکەن
بوومە کۆڵەی دەستی کڵپەی ئاگری دوور کەوتنت
هێندە سووتاوم لە سوێم چاوی گڕیش گریان دەکەن
تۆ کە لەیلام بووی بەڵێن بوو سێبەرم بی بۆ ژیان
ئێستەسکڵی یادی تۆ جەرگ و دڵم بریان دەکەن
خۆزگە دەتزانی کە چەندە دەست دەخەیتە دڵمەوە
هەر کە دەستت دێ دەروونم دەس بە هەڵقرچان دەکەن
ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ تۆ لە بەر چاوی دڵم جوان تر دەبی
سات بە ساتی ئەم ژیانە چاوی تۆم لا جوان دەکەن
هەر بە خشتی خۆشەویستیت ماڵێ بۆ دڵ ساز دەکەم
بەردی نازێکی ئەتۆ دێ و ماڵی دڵ وێران دەکەن
بەو برۆ و چاو و دەم و لێوەت بڵێ دەس ڕاگرن
بەسە خوێن ڕشتن بەسە بۆ هێندە هەر تاوان دەکەن
من لە ئازار دا بە دەست بێ مەیلی تۆ دەتلێمەوە
چاوەکانی تۆش لە دەشتی پێکەنین سەیران دەکەن
24/8/90
قادر عەلیخا
« بۆ مەرگی شێرکۆ بێکەس »
ئەگەر بیستی،
نیشتمانم زریکاندی،
بێستوونم گۆنای ڕنی و
سەیوانم ڕەشی پۆشی و
ئاگریم، قرچە لەدەروونی هەستاو
قامیشلووم بوو بە ماتەم
نانەیە نێو بێشکەی شێعر‌و
لە شەپۆلی سروودێک دا هاواریان کرد:
کوا خۆر دەمرێ!
ئەگەر خۆر مرد،
شێرکوش دەمرێ.
کوا مانگ دەمرێ!
ئەگەر مانگ مرد،
شێرکۆش دەمرێ
کوا - با- دەمرێ!
ئەگەر با مرد،
شێرکۆش دەمرێ،
کوا خاک دەمرێ!
ئەگەر خاک مرد،
شێرکوش دەمرێ.
ئەگەر هات و
ئەوین مردو
جوانی مردو
ڕوبار مردو
قەندیل مردو
کوردستان مرد
شێرکۆش دەمرێ
13/5/2713
ن: سادق چووبەک
و لە فارسییەوە: قادر عەلی خا
منداڵان خەجیجیان گەمارۆ دابوو.دەت کوت ڕەوەسەگێکن و گۆڕێکی غەربیان دەست کەوتوە.ئەم سەروسەری ڕاستەرێی بازاڕەکە دوایی کەوتبوون و هاواریان دەکردبوو.
«حەیای چوو ئابڕووی چوو
زۆڵی لە زگ دایە
حەیای چوو ئابڕووی چوو
زۆڵی لە زگ دایە»
کچۆڵەکە بەپێ خاوسی و کراسە کەرباسییەکەیەوە،کە لە سەر شانییەوە هەتا بەر زگی هەڵدڕابوو.پەرێشانیوپەشۆکاوییەوە زگە زەلام و داشۆڕاوەکەی بەکێش دەکرد و دەڕۆیشت.
وەردە کا و نوسەنەکە، تاڵ تاڵی قژەکانیان لە یەکتری گرێ دابوو، وەک خوری ئاڵۆسکاوی مەر بەلاجانگیدا شۆڕ ببونەوە.
هەرکە گەیشتە بەر درگای نانەواییەکە ڕاوەستا.زگە زل و داشۆڕاوەکەی شەپۆلێکی دا‌و چاوەکانی پەڕییە ناو ناندێنەکەی بەر دەست کابرای نانەوا.کوڕێکی چکۆڵە لە دواوە تڵیشی کراسەکەی گرت‌و ئەوەندەی دیکەی دادڕی.ئەو چاوانەی وەک دوو کۆتری برسی لە سەر نانەکان نیشتبوونەوە نەجوولان.موغەرەی پشتی چززەیەکی لێ هەستا.بە بێ وازییەوە دەستێکی بۆ ئەو شوێنە برد کە هەڵدڕا بوو.بڕێکی داماڵی و چاوەکانی بەرەو نانەکانی نێو نان دێنەکە ماچیان فڕی دەدا.چاوەکانی لە نانەکان هاڵا. کابرای نانەوا کە لە پشت تەرازەوە کە ڕاوەستابووجووڵاو قورساییەکەی لەشی خستە سەر ئەو لاقەی دیکەی.دەستێکی بە نان دێنەکەیدا گێڕا.کچۆڵەکە چووە پێشێ و دەستەکانی بۆ وەرگرتنی نان پان کردەوە.گووپەکانی وەک زگی هەستان، نانەکانی لە نێو دەستی دا گرمۆڵە کرد.دەمی جێگای ئەوەی نەبووهەتاکوو نانی دیکەی تێ ئاخنێت.
لە سەر ترۆپکی چیایەکی دوور
دەچم گوڵ دێنم چەپکێک گوڵی سوور
گوڵێک دیرابێ بە ئاوی بەفراو
دەستە مەلان بوبێ لەگەڵ تیشکی تاو
بوبێتە لانکەی ئامێزی شەماڵ
سەمای کردبێ لە ترۆپک و یاڵ
زمانی پڕ بێ لە تامی سڵاو
بەرۆکی تەڕبێ لە بۆنی گوڵاو
پەیامی جوانی و تازەیی بێنێ
لە سنگ و بەرۆی ئێوەی پڕژێنێ
دەگەڕێم دوور و پێدەشت و لاپاڵ
هەورازو نشیو خرو یاڵە و یاڵ
کۆشێک گەزیزە بە دیاری دێنم
لە نێو گوڵدانی دڵما دەیچێنم
هەرگیز ناهێڵم گەڵای بژاکێن
بە پەنجەی ڕۆحمی دەکەم باوەشێن
ڕیشەکەی دەدەم لە خوێنی دڵم
دەیکەم بە دیاری و دەیبەم بۆ گوڵم
دڵ و گەزیزە لەگەڵ گوڵی گەش
بۆ نەورۆزانە پێشکەشە پێشکەشەش
نەو رۆزی 2713
دۆڕاو
خه‌وێكی قورس ئازای ئه‌ندامی داگرتووه، باوێشك شه‌ویلكه‌ی له یه‌ك ده‌ڕه‌وێنێته‌وه، گیانی مێرووله ده‌كا، خه‌وه‌نووچكه ده‌یباته‌وه، سه‌ری لێ قورس بووه، ملی بۆ ڕاگیر نابێ، چه‌نه و سنگی زوو زوو لێك توند ده‌بن، پێلووه‌كانی له یه‌كتر گیر ده‌كه‌ن، به زه‌حمه‌ت له یه‌كیان ده‌ڕه‌وێنێته‌وه، به گرانی دیمه‌نی نێو ته‌له‌فزیۆنه‌كه ده‌بینێ، دیمه‌نێكی كاڵ و لێڵ، ده‌ڵێی له شووشه‌ی په‌نجێره‌یه‌كی بوغ‌گرتووه‌وه ده‌ڕوانێته ده‌رێ، به زۆری وێنه‌كان ده‌باته‌وه سه‌ر خۆی. قیت و قۆز شان به شانی كابان ڕاوه‌ستاوه، ژووره‌كه جمه‌ی دێ، گوڵی قاقای لێ‌ده‌پشكوێ، بارانی چه‌پڵه‌ی لێ‌ده‌بارێ، پێكه‌نین به پێل له په‌نجێره‌كانه‌وه ده‌ڕژێته ده‌رێ، پێلووه‌كانی یه‌ك دێنه‌وه، چه‌نه‌ی ده‌گاته‌وه سه‌ر سنگی، په‌نجه‌ی شل ده‌بێته‌وه، كۆنترۆڵه‌كه‌ی له ده‌ست ده‌كه‌وێته خوارێ، به ده‌م خه‌وه‌نووچكه‌وه سه‌ری شۆڕ ده‌بێته‌وه نێو كۆشی، به‌و ته‌كانه به‌ئاگا دێته‌وه، خۆی كۆ ده‌كاته‌وه، چاوێك به دیوه‌كه‌دا ده‌خشێنێ. هه‌نگی نیگای
بە ئاڵاکەی
سەر قەڵاتی،
شاری پیرە هەولێرەوە،
بە نیوەی ئەوە
سەر قاڵ نیم،
ڕۆژەکانم،
بە ژیان و مانی ئێرەوە.
19/5/91
ئەم شەڕابە
نازانم بۆ
هەر کاتێک دێ و دەمخواتەوە،
وەکو پیفۆک دامدەماڵێ و
لە بەر چاوان،
ڕووتی ڕووتم
دەکاتەوە،
17/2/89
لە تریقانەوەی
شکۆفەیەکی دووگیانەوە
هەتا،قاقای پێکەنینی
سەرخۆشێک
چلەیەک لە قۆرە و،
چلەیەک لە هێشوو و،
چلەیەک لە گلار،
لە سەفەردان
دەستت بدە جانتاکەت،
خەم!
هەستە بڕۆ
جێت پێ لێژە لێرە،
پێلە مانگە،
کووپەی شینی مەیەکەم،
9/1/90
هەوایەکەو
سەرمی لە بێژنگی
فڕین ناوە.
ڕەوڕەوەیەکەو
دەستی لاقەکانم دەگرێ
بۆ ڕەوت
-هیوام-
لاقەکانم
لە کۆت مەگرە
باڵەکانم
لێ هەڵمەبڕە،
لێم گەڕێ
-با- بڕۆم بە مەیلی دڵ
بفڕ‌م بە ئارەزوو
هەر
دەڕۆم ، دەڕۆم
دەفڕم ، دەفڕم -با-
پڕ بێ لە بازو سمسارگ
ئامێزی ئاسمانم
-با- هەموو کەندولەندو
هەڵدێربێ ڕێگام
9/3/91
بڵێی تاکەی هەودای
تەمەنیان درێژبێ و
باڵی بوونیان ڕاوەشێنن.
ئەو کەسانەی
هەموو ڕۆژێک دەبنە مقەست
باڵی هاوارم هەڵدەبڕن،
زمانی ئینترنێتەکەم
دەقرتێنن؟
15/1/91
دەستت بدە پێلووی پێڵاوەکانت
دەستت بدە شانی هێزت
دەستت بدە گەرمایی دڵت و
ڕێدەکەوین،
با پێڵاوەکانیشت پانییەکانیان
بەرزیش بێ
نارین!
ئیتر لە قریوەی بەفرانبار و
قریشکە ڕێبەندان ناترسین،
ئیدی ددانە تیژەکانی چلە گەورە و
چاوە زەقەکانی چلە چکۆلە نامانترسێنن،
بێ کۆڵوانە و
بێ پووزەوانە و
بێ فەڕەنجی
ڕۆژ تینی تیشک دەکەینە
توێشوو،
شەویش شەڕابی تریفە دەخۆینەوە،
ئەرێ نارین
ڕێدەکەوین.
با دەمی بەفرانبار پڕ بێت،
لە خەنجەری سەرما بردن و
چاوی ڕێبەندان شەپۆلێک بێ
لە بریسکانەوەی شمشێری
لە پێ خستن،
گوێم دەلەرێتەوە
بە زیڕە زیڕی زمهەڕیڕ و
قرچە قرچی داڕمانی بورجی لەک لەک،
هەنگاوم پڕە لە وزەی
ڕوانی گەزیزە و
دڵم قورسە بە
هاژە و گاڵەی شەماڵ،
دەستت بدە باڵی ورەت
دەستت بدە گۆچانی بڕوات
-نارین-
ڕێدەکەوین ودەڕۆین
بە دۆزەخە ڕێی
بەفرانبار و ڕێبەنداندا،
4/1/90
ئەشقی تۆیان لێ ون کردم
شاڵاوی مار و
بڵێسەی ئاگر،
مەمکی بەهارت پڕە
لە شیری شیرینی تازە و
سنگی
پاییزت،
سندوقێکە لە سێوی سوور و سپی،
لێوی تاوت تەژییەلەتیشکی بزەو
گۆنای مانگت پڕە لە تریفەی گۆرانی،
هەڕەشەم لێدەکەن،
بە نەهاتنی تریفە و
نەکەوتنی ڕووناکیت
دەمترسێنن بەقرچەقرچی
برژان و
لەشریخەشریخی شێلاقت،
ویستم خۆشم بوێی
فریا نەکەوتم،
هاتم لێت بترسم نەمتوانی.
7/12/89
چاوەکانت وەک هەناسە
دەڕژێنە نێو دەروونمەوە
چەپک چەپک ژیان دێنن
دەینوسێنن بە بوونمەوە
چاوە کانت پەیامێکن
بێ پڕشنگو تیرێژ و نوور
ماڵەکەم دادە گیرسێنن
هەرکە هەنگاو دەنێتە ژوور
چاوەکانت دوو دەریاچەن
بە بەژنی کوردستانەوە
یەکێک بە سنگی ورمێ وە
یەکێک بە سنگی وانەوە
چاوەکانت وەکوو ئاویەر
باڵای سنە دەنەخشێنن
هەناسەی دەشتی ژاوەڕۆن
گوڵاڵەی ژین دەخەمڵێنن
چاوەکانت دوو ڕۆبارن
جوانیان کۆتایی نایە
وەکوو «جەغەتوو» «تەتەهوو»
بۆکانیان لە ئامێز دایە
چاوەکانت کە دێنە گۆ
هێندە جوانن پەیڤەکانی
پڕن لە سۆزی شێعراوی
تەژین هەستی گۆرانی
چاوەکانت وەکوو تیشک
تووی ڕووناکی دەچێنن
دنیام دەبێ بە شەوەزەنگ
ئەگەر ئەوان دیار نەمێنن
چاوەکانت وەکوو هەتاو
گەرماییان لێ دەبارێ
هەرلێم دیار بن سڕمناکەن
تەرزە و بەفر بێتە خوارێ
چاوەکانت باخچەیەکن
تەژین لە گوڵی سەوزو شین
وەکوو لیوی شەڕەفکەندی
پڕن لە ڕۆحی پێکەنین
چاوەکانت کە هەڵدێنی
بە ئارامی و لە سەر خۆیی
وا دەزانم جووتێک ئاڵان
هەست دەکەم بەسەربەخۆیی
چاوەکانت دوو پەنجێرەن
بەرەو هەرێمی ڕۆشنایی
دایان مەخە دەمخنکێنێ
سپای ڕەشی تاریکایی
چاوەکانت دوو کانیلەن
ڕەزی ژینم بۆ دەدێرن
تا ئەوانە شەڕابم دەن
لەشکری خەم پێم نا‌وێرن
چاوەکانت دوو ڕۆمانن
پڕن لە چیرۆکی جوانی
هەروەک کلەی کێوی توور
چاو دەڕێژن وشەکانی
چاوەکانت دوو پێشمەرگەن
ورە وەبەر ڕۆحم دێنن
ئەو کاتانەی ماری ترس
خۆ لە جەستەم دەهاڵێنن
چاوەکانت دوو کل چێوکن
لەڕەشایی وەردراون،
خۆزگەم بەو کلچێو کانە کات
چاوی تۆی پێ ڕش کراون،
چاوەکانت وەک دووشانە
پڕپڕن لەشیلەی هەنگوین،
بۆخەفەت خانەی ژیانم
دەفتەرێکن لەپێ کەنین،
خۆ دەزانی ژیانی من
بێ چاوی تۆشەوی تارە،
لەپشت چاوی تۆیەگۆڵم
جوانی دنیام لێوە دیارە،
دەستت بێنە پەچەت لا دە
با ئەستێرەم لێ دەرکەوێ،
بەبێ پڕشنگی چاوی تۆ
لێم دهاڵێ ماری شەوێ،
چاوەکانت بۆژینی من
ساباتن بۆ حەسانەوە،
سێبەری مزۆڵت لابەی
دەست دەکەم بە توانەوە،
لە وێنە یەکی ساکاردا
چاوەکانتم بۆ بنێرە،
هەتا کوو بێتە چراو
ڕوونی کا دۆزەخی ئێرە،
ئه‌گه‌ر ڕۆژێك
هه‌تاوی ئه‌شق ده‌ركه‌وێ و
پێ بنێنه وه‌رزی هاوین
قه‌ت ده‌رنابه‌ن
هێور، هێور
ده‌توێنه‌وه
ئه‌و مرۆڤه بێ هه‌ستانه‌ی
جه‌سته و ڕۆحیان
له شووشه‌ی ساردی سه‌هۆڵه
8/2/85
ڕێزیان نییه
تاقه‌دارێكی دارستان
ددانی خێریان پیانانێ و
چاویان له‌حاندیان هه‌ڵنایه!
مه‌له‌كانیش بێ‌زیان نایه
پرچیان بكه‌ن به هێلانه!
ئه‌و دارانه‌ی
قژیان ده‌كه‌ن به سێبه‌ر و
گه‌ڵای نه‌رمیان
بۆ داربڕه‌كان
ڕاده‌خه‌ن،
سه‌رشۆڕانه!
10/2/85
ڕێبوارێكم چوست و چالاك،
به سواری ئه‌سپی ڕه‌شه‌با
ته‌نگم به‌ڕێ هه‌ڵچنیوه!
كڕنۆش ده‌به‌ن بۆ هه‌نگاوم
ئه‌و ترۆپكه لووت به‌رزانه‌ی
سه‌دان سواریان
لێ‌گلیوه!
26/10/84
هێنده دڵ‌ئاوایه هه‌تاو
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی
شه‌و ڕێگاكه‌ی بزر نه‌كا
هه‌موو شه‌وێك،
چرایێكی گه‌ش و ڕووناك
له‌سه‌ر تاخچه‌ی مانگ داده‌نێ،
سه‌ر ڕێگای شه‌و،
ڕۆشن ده‌كا!
30/9/84
ته‌نیا هه‌ر له‌به‌ر شتێكه
شێعر بۆ شه‌هید نانووسم!
ئه‌مه ڕازێكی ده‌روونمه
هاوڕێكانم،
له لای ئێوه ده‌ی‌دركێنم!
هێند گه‌وره‌یه
نێوی شه‌هید به لامه‌وه
كه ناتوانم،
له‌چوارچێوه‌ی،
ته‌سكی هۆنراوه‌یێكمدا
بیگونجێنم!
21/6/84
سیروان،
سیروان،
خۆزگه‌م به‌خۆت
هیند سه‌ركێشی
له ئاست له‌مپه‌ردا نامێنی!
ئه‌وكت ناگرن،
په‌نجه‌ی یاسا ده‌ست كرده‌كان،
بێ په‌ساپۆرت.
هێڵی سنوور ده‌به‌زێنی!
20/12/83
دام به "رزگار"
تووڕی داته
زبڵدانه‌كه‌ی به‌ردرگا و
کوتم: به توون!!
كه ساعه‌ته‌كه‌ی ده‌ستم دی،
دوا كه‌وتبوو،
له گه‌ڕیانی
چه‌رخی گه‌ردوون!
18/12/83
ئەو ڕێگایەی لە سەرەتاوە، مرۆڤە خۆ بەزل زان و لاسارەکان، گرتوویانەتە بەرو چەوساندنەوە و ئازار دانی گەلانی بن دەستیان گردۆتە پیشە وچێژیان لێ وەرگرتوە هەڵبژاردنی ڕێگا هەڵەکە بوە، نەک ڕێگا ڕاست و تەخت و باشەکە. ئەم جیاوازیانە بۆ ئەوە نەبووە کەسانێک ببنە هیتلرو مۆسۆلینی وسەددام و وەک مۆتە سواری سەر شانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بن و خۆیان بە بەهەرق گەلان و کەسانی دیکە بە ناڕەوا لە قەڵەم بدەن.
جیاوازی لە ژیانی مرۆڤایەتی دا وەک جیاوازی ڕەنگەکان و گوڵی قاڵی و مافوورەکان وایە. هەتا وەکوو ژومارەیان زیاتر بێ، ئەوە لایەنی هونەری و جوانکاری گوڵەکانی دەبەنە سەرێ و تام چێژی بێنین زیاتر دەکەن.ئەگەر ژیان یەک ڕەنگ و یەک شیواز‌و یەک داب و نەریت و زمان بوایەت، ئەوە بە دڵنیاییەوە زۆر لایەنی جوانی ژیان بزر دەبوو، ئەوەی هەشبوو لەبێ بەدیلی دا مانایی بوونی خۆی لە دەست دەدا.ژیان هەر بەم ڕەنگاڵەوەو ڕەنگانەوە جوانە و هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی چاو لێی نە بێزرێت و تێری لێ نەخوات. هەتا چاو دەگێڕی و بیر دەخەیتە گەڕ ئەوە هەرتاوەی شتێکی جوان و چێژێکی جیاواز‌و بۆنێکی نوێ هەست پێ دەکەی.بۆیە بەردەوام ژیان هەر شیرینەو شیرینەو شیرین .
زمان و وتە هونەرێکی جیاوازە کە سروشت جیا لە گیاندارەکانی دیکە بە مرۆڤی بەخشیوەو هەر بە هۆی ئەویشەوەیە گەلێک زانیاری و هونەر و توانایی مرۆڤ دەردەکەوێ. ئاخافتن زۆر جار دەبنە هۆی دەرخستنی کەسایەتی مرۆڤەکان.نووسین گرینترین ئامرازە کە لە خزمەت مرۆڤ دایەو بە هۆی ئەویشەوە شێوازی بیر کردنەوەو ڕوانینی مرۆڤەکان بۆ بوون و ژیان و مردن دەخرێنەڕوو.
بۆ لێک تێ گەیشتنی زمانە جیاوازەکان و بۆ ئاگادار بوون لە زانیاری و بەسەر هات وناسینی داب و نەریتی نەتەوە جۆراوجۆرەکان، وەرگێڕان باشترین و بەهێز ترین پردی پەیوەندی نێوان گەلانە.
هەر بە هۆی وەرگێڕانەوە نەتەوەکان لە کێشەو ئازار‌و شادی خۆشی نەتەوەکانی دیکە حاڵی دەبن و تێدەگەن.سەرەڕای ئەوەش هەموو نەتەوەیەک خاوەن خوو خدەگەلێکی جیاوازە کە نموونەی لە کەلتووری نەتەوەکانی دیکەدا دەست ناکەوێ.گوێستنەوەی ئەم جوانی و ناحەزیانە بۆ بەر زەین و چاوی گەلەکان، لەنەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەکی دیکە، کاری وەرگێڕەکانە.ئەوە ئەوانن بە توانایی و زاڵ بوونی خۆیان بە سەر هەر دوو زمانی یەکەم و دووهەمدا زانیارییەکان دەگوێزنەوە سەر زمانی دووهەم و گەل و زمانەکەیانی بێ دەوڵەمەند دەکەن.شەونخوونیو ئازا‌و ماندوو بوون دەچێژن، هەتا گەلەکەیان دەستیان بە زانیارییە نوێکان ڕابگاو لە هزەپێشکەوتووتازەکان دوانەکەون.زۆر زمان هەیە،کە بە هۆی ئەوەی، هەر لە سەرەتاوە نەکەوتوەتە بەر تاڵان و وێرانی و یاساغ نەکراوە و بە بڤڤەو سووک و بێقابیلەت لە قەڵەم نەدراوە و خزمەتی پێ کراوە، ئێستا ئەوە بە تەواوی بەڕەێ خۆی لە قوڕاو دەرکێشاوە و پاڵی لێ داوەتەوە سەرینی ئەر خایەنی ناوەتە ژوورسەری و بۆتە زمانی سەر دەستەو بە هەزاران ڕۆمان و چیرۆک ودیوانە شێعری پێ نووسراوە و دەیان و سەدان شاکاری ئەدەبی و زانستی و فەلسفی پێ خولقاوەو پێ وەرگێڕدراوە.ئێستا وەک زمانی دەوڵەمەندو بە توانا و بڕشت نێویان دەبردرێ.ئەوەش تەنیا و تەنیا بە ماندوو بوون و خەمخۆری ڕۆڵەکانی ئەو گەلەو زمانە هاتۆتە بەر. هەمووی بەری داری ڕەنج و ماندوو بوونی ڕۆڵە دڵ سۆزەکانییەتی. ئێمەش کە بە درێژایی مێژووی خوێناوی چەند هەزار ساڵەمان کە بەدایمە خەنجەری، کورە نەکەیی با هەڵت نەدڕم و تفنەگی، هەر بجووڵێی دەت کەم بە بێژنگیان لە سەر ڕاگرتووین، بەڵام کەسانێک بێ ترس لە وەرگ درین و بە بێژنگ کردن، هەوڵی گەشە پێکردنی باخی زمانیانداوە و ئاو دێری و نمام چێنییان تێدا کردوەو نەیانهێشتوە ئەو باخە بێ بەروخەڵف و وەچە بمێنێتەوە.
سەرتوێژەکەی هەموو ژینم
سەر تۆپەکەی جوانی دینم
پێوەری جوانی ژینەوەر
جوانترینی نێو بوونەوەر
شیرین‌ترین تامی دەمی
بەتام ترینی گشت دەمی
بۆ هەموو ژینم سەرمایە
بێ تۆ هاوینم سەرمایە
کە جوانیت پەل داوێتەوە
چاوی پێ دەلاوێتەوە
پێت دەنازێ خودای جوانی
ئەویش دەڵێ وەک کەس وانی
لە کۆشک و بارەگای ئاڵای
لە سەر نووکی قەڵای ئاڵای
ئەویش لە ویترین دایناوی
دەزانێ مەڵهەمی چاوی
چاوەکانت نازانم چین
هەرچی دەڵێم لەوانە نین
ئەو ڕەنگانە وا کوتراون
هێندە کوتراون سواون
ڕەنگاڵەی ڕەش و سەوز و شین
هەموویانە و هیچیشیان نین
هەموو کلەی کێوی توورێ
لێرانە ناهێنێ توورێ
لێنز تاقە پوشێک ناهێنێ
خۆی هەموو ڕەنگێک دەنوێنێ
نازدارە خوێن شیرینەکەم
هەوێنی مان و ژینەکەم
شەپۆلێکی لە پێکەنین
دەڕوخێنی بەستێنی قین
جاڕی بەیار دەخوسێنی
ڕەپستەی جوانی دەڕوێنی
شاڕژی بۆ جەستەی لاوازم
سازی بۆ ڕۆحی ئاسازم
بۆ نێو سیپەلکم هەناسەی
بۆ دڵم ئاوات و تاسەی
شووشەیەکی لە بۆنخۆشی
مەڵهەمێکی بۆ نەخۆشی
لە نێو دەمارمدا خوێنی
بۆ زیندوو بوونم دەخوێنی
بۆ ناسازی ڕۆحم سازی
هەناسەی تۆ دێنێ سازی
گڕی تەمەنم تاو دەدەی
شەوی دەروونم تاو دەدەی
خوشترین خەیاڵی سەرمی
جوانترینی دەور و بەرمی
هەموو گیانت داگیر کردووم
هەر تۆزێ لێت دوور بم مردووم
بێ تویی بۆ من دژوارە
پێخەفم ئامێزی مارە
لەم گرێ و گۆڵی ژیانەدا
ئەشقت ڕۆحم تەکانەدا
ناهێڵێ ببمە ئاوی مەند
ناهێڵێ ژین بمکاتە پەند
پڕم لە تۆ بێ زیاد و کەم
هەر ناتوانم خۆم خاڵی کەم
ڕۆحیشم هەر لە تۆ دەچێ
تۆ بێیتە دەر گیان دەردەچێ
خۆزگە بێ تۆ نەنووم شەوێ
دڵم لە سەر دڵت خەوێ
گەرماییت گەرمم کاتەوە
لە لای تۆ خەو بمباتەوە
چاوت بڕژێتە نێو چاوم
هەناسەت پڕ کا هەناوم
ئامێزم ببێ بە لانکەت
بمژم ئەو دوو لێوە ناسکەت
لەشم تەڕکەی بە ئارەقە
مەستم کەی وەکوو ئارەقە
بە مەستی خەو بمباتەوە
دەستی تۆ ڕاستم کاتەوە
چ خۆشە تامی ئەو بوونە
چ بەرزە ئەو بەڕێ چوونە
خوشتر لە ژینی شاییە
ژینی شایی دوو شاییە
هەموو برووسکەی خۆشیە
کوا ئێرە جێی نەخۆشیە
ژینی وا پڕ لە جوانیە
ژینی وا ژانی تیا نیە
خەو و نیشتن و ڕاسانی
جوانیە،جوانیە،جوانی
ماوه‌یه‌ك ده‌بێ به خه‌به‌ر هاتووم، خه‌و هێشتا دڵی به‌رنه‌داوم، وا هه‌ست ده‌كه‌م ڕۆژه، ده‌بێ تاو كه‌وتبێ و ڕووناكی له وڵات گه‌ڕابێ، به‌ڵام من خۆم گرمۆڵه كردووه و لێفه‌كه‌م به‌سه‌ر خۆم داكێشاوه، جارجار، وه‌ك به دزیه‌وه بێ چاوێكیانم هه‌ڵدێنم، هیچ شه‌به‌قێك له درزی لێفه‌كه‌وه نایێته ژوورێ، وڵات تاریكه‌سه‌لاته، كه‌چی من پێم‌وایه ده‌بێ ڕۆژ بێ، چونكه ئه‌مشه‌و زۆر دره‌نگ خه‌وتم، نزیكه ڕۆژ بوو كتێب و شته‌كانم كۆ كرده‌وه و خۆم خزانده ژێر لێفه‌كه‌مه‌وه، پێم‌وابوو و هه‌ر ناتوانم چاوێكیش گه‌رم كه‌م ڕۆژ ده‌بێته‌وه، كه‌چی زۆر باش نووستووم و هیلاكی له‌شم ده‌رچووه، حه‌ساومه‌ته‌وه و ته‌واو سووك بووم، هه‌ست ده‌كه‌م ده‌بێ ماوه‌یه‌كی زۆر بێ خه‌وتووم، لێفه‌كه له‌سه‌ر خۆم لاده‌ده‌م، ژووره‌كه‌م تاریك تاریكه، پێم سه‌یره! یانی ڕۆژ نه‌بۆته‌وه!؟ هه‌ر شه‌وه!؟ بڕێك خۆم ده‌كێشمه‌وه و هه‌ڵده‌ستمه سه‌ر پێ، په‌رده‌ی په‌نجێره‌كه لاده‌ده‌م، هه‌ر شه‌وه، شه‌وێكی تاریك و نووته‌ك، زۆر دوور به به‌ر سوخمه ڕه‌شه‌كه‌ی ئاسمانه‌وه هه‌ندێك پووڵه‌كه ئه‌ستێره‌ی كز سۆڵه‌یان دێ، له خۆم و له‌و شه‌وه دڕدۆنگم، شه‌و شتێكی وای به به‌ره‌وه نه‌مابوو ئه‌گه‌ر نووستم، ئێستا حه‌ساوه‌م تێر خه‌وتووم كه‌چی هه‌ر ڕۆژ نه‌بووه‌ته‌وه! بڵێی حاڵم تێك نه‌چووبێ؟ سه‌رم له گێژه‌وه نایێ، هه‌ست به هیچ ئازارێك ناكه‌م، ئه‌وه‌نده‌ی له بیریشم بێ شتێكی واشم نه‌خواردووه، كه حاڵم پێی‌گۆڕابێ، په‌رده‌كه داده‌مه‌وه، ئه‌ستێره‌كان بزر ده‌بن، بارستایی تاریكی نێو دێوه‌كه‌م ئه‌ستوورتر ده‌بێ، چاوێك له كاتژمێره دیوارییه‌كه ده‌كه‌م، له‌به‌ر تاریكی پێم ناخوێندرێته‌وه، به به‌ڵه‌دی و ده‌سته‌كوتێ كلیله‌كان ده‌بینه‌مه‌وه و گڵۆپه‌كان هه‌ڵده‌كه‌م، ژووره‌كه‌م پڕ ده‌بێ له ڕووناكی، سڵاوێك ده‌نێرم بۆ (ئه‌دیسۆن)، چاوه‌كانم لێك‌ده‌نێم و هه‌ڵیان دێنمه‌وه، به ڕۆشناییه‌كه ڕادێم چاو له كاتژمێره‌كه ده‌كه‌مه‌وه، ده‌حه‌به‌سێم، پێم سه‌یره، باوه‌ڕ به چاوم ناكه‌م! بڵێی به هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم؟ چاوه‌كانم هه‌ڵده‌گڵۆفم هه‌میسان چاو له كاتژمێره‌كه ده‌بڕمه‌وه، ڕاست
ئاوره‌كه گیانێكی تێدا نه‌ماوه، به‌حاڵ سۆڵه‌ی دێ. دووكه‌ڵی سیغار و ئاوره‌كه تێكه‌ڵ بووه، بوونه‌ته ته‌م و ڕوخساری باش به‌دی ناكرێ، سه‌روپۆتراكێكی ئاڵۆزاو وه‌ك داوی جاڵجاڵووكه به‌ری ڕوخساری ته‌نیوه، ڕه‌ق‌وته‌ق هه‌ڵگه‌ڕاوه. ده‌ڵێی ده‌سته‌كی بن‌میچی نێوماڵه، په‌تۆیێكی شڕ و چڵكنی له خۆی هاڵاندووه، چه‌نه‌ی له سه‌ر چۆكی داناوه و ئه‌ژنۆی له ئامێز گرتووه، سۆڵه‌ی سه‌رما جار له‌گه‌ڵ جار وێكی‌دێنێ. لێوه شین‌وڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كانی وه‌له‌رزه كه‌وتوون، ته‌قه‌ی ددانه كرمێكانی ده‌بیسترێن، به‌و دوو ته‌ڵاشه‌ی خستبوویه سه‌ری، ئاوره‌كه گیانێكی تازه‌ی تێزا و گڕ و گه‌رمای لێ هه‌ستا، تینی ئاوره‌كه ئاهێكی تازه‌ی وه‌به‌ر نا، هه‌ندێك له ئاوره‌كه دوور كه‌وته‌وه و سۆمای چاوه لێڵه‌كانی بڕیه نیگای چاوه گه‌ش و ڕوونه‌كانی ئاوره‌كه و به ناخیدا ڕۆچوو. عاله‌مێكی زۆری تێ‌ئاڵا بوو. ده‌تكوت ڕۆژی حه‌شره، بۆ دیتنی هاتبوون، ئاخر هه‌موو خۆشیان ده‌ویست، ده‌نگی زوڵاڵ و باڵای مێرانه‌ی به‌رگێك بوون پڕ به باڵای یه‌كتر، شایی به دوو ده‌ستان هه‌ڵناگیرێ، گه‌ڕی ڕه‌شبه‌ڵه‌ك گه‌رمه، شایی شانه‌چركێیه، ده‌سره‌ی ده‌ستی سه‌رچۆپی وه‌ك مه‌زره‌ق ده‌خولێته‌وه، چه‌پییه و گاوانی گه‌رمه، ده‌ستی له‌به‌ر پشتوێن ناوه و پڕ به گه‌روو ده‌چریكێنێ. ده‌نگی وه‌سه‌ر ته‌پڵ و نایه كه‌وتووه، باڵای ده‌ڵێی په‌لكه‌زێڕینه‌یه، سه‌رچۆپی نه‌خشاندووه، كامێرای چاوه‌كانی له به‌ژن و باڵای بڕیوه، نایترووكێنێ، مه‌لی نیگا له‌سه‌ر بزه‌ی لێو ده‌نیشنه‌وه، سیله و شیله‌بزه تێكڵاو ده‌بن، شینگه‌ی حه‌ز و خۆشه‌ویستی لێك ده‌هاڵێن، مووچڕكێك و خه‌وه‌نووچكه‌یه‌ك وه‌خۆی دێنێته‌وه، ئاور به‌ره‌و دامركانه، به دیتنی خه‌ڵووزه‌كانی هێڵنجی دێ و په‌رۆش ده‌كا. ئاخر، هه‌وێنی ئه‌و سووتمانه گه‌وره‌یه خه‌ڵووزێك بوو، ئه‌و سووتمانه‌ی نه‌مامی ژیانی كرده به‌ورینگ و دای به ده‌م شه‌پۆلی زریانه‌وه! سه‌رما حوكمات ده‌كا، شه‌پۆلی زریان خه‌ڵووز و به‌ورینگ ڕاده‌ماڵێ، سه‌رما ژێی له‌شی ڕێك ده‌كوشێ، ته‌وژم و گوشار ده‌خاته سه‌ر له‌شی سڕ و بێ‌تینی، پێلووه‌كانی ده‌چنه ئامێزی یه‌كتره‌وه، چنگی بڕژۆڵه‌كانی له یه‌كتر گرێ ده‌درێن، په‌نجه‌كانی ئه‌ژنۆی ڕه‌ها ده‌كه‌ن، ڕوومه‌تی ده‌نێ به گۆنای سڕی ئاخه‌وه، ژیان هه‌نگاوی به سه‌ردا هه‌ڵدێنێته‌وه.
5/10/1380
«ئەو چرکانەی لە مۆچڕک و تەزوو موتر بە کراون»
ئەمین گەردیگلانی (بۆکان)
شێعر ئەو چێژە ڕۆحییەیە کە مرۆڤ ئاوێتەی جووڵانێکی دەروونی دەکات. ئەو چێژە شێعرییە هەمیشە یەک جۆر نییە و لەشێعرێکەوە بۆ شێعرێکیتر جیاوازە. هێندێک لەو چێژانە لە هەناو و ناوەڕۆکی شێعرەکەدان. هێندێک لە کێش و مۆسیقاکەیدان و برێکیشیان لە فۆڕم و شێوەی شێعرەکەدان. جا ئێمە دەتوانین بە کۆمەڵە وشەیەک بڵێین شێعر، کە لانیکەم ئەو چێژە شێعرییە لە یەکێک لەو بەشانەیدا ببێ، ئەگەریش شاعیر بتوانێ ئەو چێژە لە هەموو بەشەکانی ئاژین بکات و بە ترووسکەی ئەزموونی خۆی بیڕازێنێتەوە، ئەو کاتە شێعرێکی نەمر دەخوڵقێ و بەرگی سەوزی هەرمان لەبەر دەکا. هەموو ئەو کەسانەی شەیدا و هۆگری شێعرن بۆ ڕاو کردنی ئەو چێژانە شێعر دەخوێننەوە و دەیانهەوێ لە دنیای دەرەکی و ناوەکی شێعرەکەدا کۆمەڵێ چێژ و جوانی بدۆزێتەوە و مۆچڕک و تەزوو مێروولە بە لەشیان بکات.
ئاره‌قه‌ی ڕه‌ش‌وشینی ده‌رداوه، له ژووره‌كه‌یدا جێی نابێته‌وه، ژان و پێچ ته‌نگی پێ هه‌ڵچنیوه، وه‌ك ماری سه‌ر ئاگر جینگڵ ده‌دا، خوێن و ئاره‌قه تێكه‌ڵاو بوون، هاكا له جه‌سته‌ی سه‌ر كه‌وتن و خنكاندیان، «نا، نا، ئه‌م سووكه، وه‌ك پووشكه به ده‌م كفاره‌ی ئاره‌قه و خوێنه‌وه به‌ره‌و میچی ژووره‌كه هه‌ڵده‌كشێ، له‌وانه‌یه له ده‌ربیجه‌ی په‌نجێره‌كه‌وه بڕژێته ده‌رێ، به‌ڵام په‌نجه‌ی تێل‌به‌نده‌كه به‌ره‌و ژوورێ پاڵی پێوه ده‌نێته‌وه، قه‌ڵبه‌زه‌ی خوێن و ئاره‌قه ویشكایی دێ و ئه‌م هێور هێور ده‌نیشێته‌وه سه‌ر شوێنه‌كه‌ی خۆی.»
هاوار و ناڵه‌ی، كاسه‌ی سه‌ری دراوسێكانی هه‌ڵگرتووه، كه‌سێك نییه یارمه‌تی بدات، كه‌سی چی؟ كه‌س هیچی له ده‌س نایه! زان و بوونێكی بێ‌ده‌سه‌ڵاتانه‌یه فه‌رمانێكه و دراوه، سه‌ربادان مه‌حاڵه. «ئای له‌و به‌ره‌ژانه چه‌ند دژواره، خودایه ئێش كوشتمی، تا كه‌ی؟ یانی ده‌بێ به درێژایی دووگیان بوونم به ژانه‌وه بم؟ وه‌ڵڵا هه‌ر ده‌مرم، ده‌رنابه‌م و ناژیم، ڕۆژێك، دووان، ساڵێك، ده ساڵ، سه‌د ساڵ، كۆتایی نایه ئه‌م ژانه، یارمه‌تییه‌ك، خۆ ئه‌مه یه‌كه‌م منداڵیشم نییه، دایكی ئه‌و هه‌موو منداڵه‌م، هیچ كامێكیان ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌مه‌یان ئازار نه‌داوم، بڵێی ئه‌مه چ بێ خودایه؟ یانی له‌و ساڵه‌وه كه ماڵمان له شاری ئاگرستان بوو، ئه‌و منداڵه‌م له زگدایه؟»